"ئێران درێغی ناکات لە وەڵامدانەوەی زۆرەملێ بۆ هەر دەستدرێژییەک"

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت" ئەمریکا پەنای بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بردووە، دوای ئەوەی درک بەوە دەکات کە سیاسەتی سزاکان سەرکەوتوو نەبووە لە ملکەچکردنی گەلی ئێران یان حکومەتەکەی". دەشڵێت" وڵاتەکەی درێغی ناکات لە وەڵامدانەوەی زۆرەملێ بۆ هەر دەستدرێژییەک". 

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە وتارێکدا ڕایگەیاند" ئەرکی وەزارەتی دیپلۆماسی ئابووری و باڵیۆزخانەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لابردنی ئاستەنگەکان و کردنەوەی ڕێگاکانە". 

وتیشی" گەمارۆکان بەربەستێکی گەورەن، ئەرکی وەزارەتی دەرەوەش کارکردنە بۆ هەڵگرتنیان".

عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە" هەڵگرتنی سزاکان دەکەوێتە سەر لایەنی بەرامبەر، لە هەمانکاتدا پووچەڵکردنەوەی کاریگەرییەکانیان و دەربازبوون لێیان بەرپرسیارێتی ئێمەیە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند" ئەگەر بمانەوێت دانوستان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە گەمارۆکان دەسەپێنن سەربکەون، دەبێ وایان لێبکەین هیوایان لەدەست بدەن بۆ بەکارهێنانی گەمارۆکان بەسەر ئێمەدا".

جەختیشی لەوە کردەوە کە" هۆکاری ئەوەی لەگەڵ ئێمە لەسەر مێزی دانوستان دانیشتوون، نائومێدییە لە توانای سزای ناڕەوا بۆسەر ئێران". 

لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، عێراقچی وتی" دزەپێکردنی پلانه‌کانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنه‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ و داوای سه‌ركۆنه‌كردنی خێرای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات هەوڵە دیپلۆماسییەکان تێکبدات بۆ دەربازبوون لە فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی".

جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی درێغی ناکات لە وەڵامدانەوەی زۆرەملێ بۆ هەر هێرشێک و بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات، 

بڕیارە پێنجەمین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن سبەی هەینی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بە سەرپەرشتی سوڵتانییەتی عومان دەستپێبکات.



PM:03:53:22/05/2025