گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا ئەمڕۆ لە ڕۆما بەڕێوەدەچێت، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت" ناکۆکی جدی لە نێوان تاران و واشنتۆن هەیە".
ئاژانسی فەرمی ئێران ناسراو بە (ئینا) بلاویکردەوە ئەمڕۆ گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە نێوندگیری وەزیری دەرەوەی عومان بەڕێوەدەچێت.
هەر لەو بارەیەوە عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوی ئێران ڕایگەیاند" لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکۆکی جدی هەیە و دیاریش نییە ئەو دانوستانە دەگات بە ئەنجام یا خود نا".
لای خۆشییەوە تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکان پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، وتیشی" باشترە ئێران بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان ڕێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت بەپیچەوانەوە ڕێگەکانی دیکە لە قازانجی تاران نابێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە دوایین لێدوانیدا ڕایگەیاند" پێی وانییە ئەو دانوستانانە بگات بە ئەنجام چونکە ئەمریکا داوای دەستهەڵگرتنی ئێران لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات وئەوانیش ئەوە قبول ناکەن"..