دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە بەرپرسانی عێراق کرد " نەرمی زیاتر بنوێنن ".
شەوی ٢٣ ی ئایار دوای نزیکەی کاتژمێرێک کۆبوونەوە لەگەڵ مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مەسرور بارزانی بەبێ وەزیرە ئەمەریکییەکە بە تەنها لە کۆبووەنەوەکە هاتە دەرەوەو بە میدیاکانی نزیک پارتی راگەیاند کە لە دەرەوەی کۆبوونەوەکە ئامادەبوون " تا وەکو بەرپرسانی عێراق نەرمی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی ئێمە دەیدەین لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم بە رووداوی راگەیاند " ئەم بۆچوونانەی دەیانبیستین لە بەغدا و ئەو لێدوانانەی دەدرێن، هیوادارم هەموویان لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا بیریان لێ بکرێتەوە. تاوەکو نەرمیی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی ئێمە دەیدەین لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە."
هەروەها مەسرور بارزانی دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی x نووسیوویەتی" زۆر سوپاس بەڕێز مارکۆ روبیۆ بۆ میواندارییە گەرمەکەی ئەمڕۆتان و پشتیوانی درێژخایەن و هاوبەشییتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. چاوەڕێی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانمان دەکەم".
هەموو ئەمانە لە میانەی ئەو سەردانەدا دێت کە چەند رۆژێکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و وەفدێکی هاوڕێی کە نوێنەرانی یەکێتی لە حکومەتیش تێدایە، لە مڕۆدا چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کەوت و، دوی کۆبوونەوەکە هەر هێندە لەسەر کۆبوونەوەکە قسەی کرد " کۆبوونەوەیەکی باشیان ئەنجام داوە".
وەفدی هەرێم بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی ١٩ ی ئایار دوو گرێبەست لە بواری وزە بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی وێستن زاگرۆس و HKN Energy واژۆ کران، بەرامبەر ئەو کارەش تا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق دوو بەیاننامەیان دەکردووەکە لە هەردووکیاندا گرێبەستەکانی هەرێمیان رەتکردۆتەوە، هەرچەندە دووەمیان کە ئەمڕۆ دەرکرا جۆرە نەرمییەکی کەمی پێوە بەدیدەکرا کە تیایدا هاتبوو" هیچ رێگری و تێبینییەکیان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان"، بەڵام دەشڵێت" مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەبێ پرسی ئەوان " نادەستوورییە ".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانێش ٢٠ ی ئایار لە روونکردنەوەیەکدا وتیان "ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوونی، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و رەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."
پێنجشەممە، تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیاکانی نزیک پارتی راگەیاندبوو "ئێمە خۆشحاڵ بووین کە بینیمان سەرۆک وەزیران بارزانی گرێبەستی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆکرد بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە یارمەتیی عێراق دەدات سوود لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی لە وزەدا بەدەستبهێنێت."
هەمان رۆژ کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە کۆڕبەندێکی پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی جیهانیی سەربە پێگەی مۆنیتەر، وتی "ئێمە زۆر پەرۆشین کار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین و پشتیوانییان بکەین بۆ ئەوەی سامانی ژێر زەوی خۆیان بگۆڕن بۆ سەرچاوە."
وەزیرەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گرێبەستانە بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و "کۆمپانیاکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانمان و بۆ هەموو ئەوانەش باشە کە سوود لەو سەرچاوە زیادبووەوەی وزە وەردەگرن."
ئەم گرێبەستانە بوونەتە مایەی نیگەرانی بە شێكی بەرچاوی خەڵکی کوردستان و مەترسی ئەوەیان هەیە کە بەهۆی ئەم هەناگاوەی هەرێمەوە سەرلەنوێ کێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر قوڵتربێتەوەو لە ئەنجامدا بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت.