زانایەكی ئایینی سعودی: حیجاب "واجب" نیە

زانای ئایینی‌و سەرۆكی پێشووی ناوەندی "ئەمر بەچاكە‌و نەهی لەخراپە"ی سعودیە دەڵێت حیجاب بۆ هەموو ژنان واجب نیە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (النبا)، ئەحمەد ئەلغامدی زانای ئایینی‌و سەرۆكی پێشووی ناوەندی "ئەمر بەچاكە‌و نەهی لەخراپە"ی سعودیە دەڵێت حیجاب بۆ هەموو ژنان واجب نیە‌و لەسەردەمی پێغەمبەری ئیسلامی تەنیا تایبەت بە ژنانی پێغەمبەر بووە.

ئەلغامدی دەڵێت: زانایانی ئیسلامی لەسەر واجب نەبوونی حیجاب بۆ هەموو ژنان هاوڕان‌و سەحابەی پێغەمبەری ئیسلامیش حیحابیان بۆ هەموو ژنان بە واجب نەدەزانی.

رۆژنامەكەی لەزاری ئەلغامدی دەنوسێت: ژنان ئەگەر میكیاجیشیان كردبێت دەتوانن روخساری خۆیان نیشان بدەن.

ئەو هەروەها دەڵێت ژنان دەتوانن وێنەی خۆیان لە پەیجە تایبەتییەكانی خۆیان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دابنێن.

سەرۆكی پێشووی ناوەندی "ئەمر بەچاكە‌و نەهی لەخراپە"ی سعودیە لە مەككە، هەروەها دەڵێت: پپاوان دەتوانن سەیری روخساری ئەو ژنە بكەن كە میكیاجی كردوە‌و ژنان‌و پیاوان دەتوانن لە حەفلەكانی شوێنی كار یان زانكۆ لەتەنیشت یەك بن‌و تێكەڵبوونی ژن‌و پیاو لەم كاتەدا كێشەی نیە.

ئەلغامدی دەڵێت: ژنان بەرپرسی گوناهی پیاوان نین‌و تەنیا پیاوان دەبێت گوناهەكانیان هەڵگرن‌و ئەگەر پیاو دەزانێت كە توشی گوناه نابێت دەتوانێت سەیری روخساری ژنان بكات.




PM:10:44:01/12/2014