پێشبینی دەکرێت بەمزوانە ئەردۆغان ژمارەیەک گۆڕانکاری لە کابینەکەیدا بکات


میدیاکان باس لەوە دەکەن ئەردۆغان لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە کابینەکەیدا دەکات و ژمارەی وەزارەتەکان زیاد دەکات و، چەند وەزیرێک دەگۆڕێت، بەڵام فیدان لە جێگای خۆی دەمێنێتەوە.

 دەنگوباسی گۆڕانکاری لە کابینەیەدا لەوەوە دەستیپێکرد کە میدیا نزیکەکان لە ئەردۆغانەوە باس لە شکستی محەمەد شیشک وەزیری داریی دەکەن و، ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەو گۆڕانکاریانە لەلایەن ئەردۆغانەوە لە مانگی حوزەیراندا ئەنجام دەدرێت.

ئەو میدیایانە ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانکارییەکان هەشت وەزارەت دەگرێتەوەو ژمارەکانیشیان لە ١٦ وەزارەتەوە زیاد دەکرێت بۆ ١٨ وەزارەت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەنیا دوو وەزیر لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو دوور ناخرێنەوە کە بریتین لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، و موراد کوروم وەزیری ژینگە و شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا، لەگەڵ جەودەت یڵماز جێگری ئێستای سەرۆک کۆماری تورکیا، بەهۆی متمانەی ئەردۆغان بە ئەدای کارەکانیان لەناو سیستەمی حوکمڕانیدا.

ئەم گۆڕانکاریانە زیاتر پەیوەندی بە دۆخی ئابوری و ئاستی وەزیرەکانەوە هەیە.




PM:11:05:26/05/2025