پوتین داوای بەڵێننامەی نوسراو دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا

سەرۆکی ڕوسیا ڕایدەگەیەنێت" کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکرانیا مەرجدارە بەوەی سەرکردە ڕۆژئاواییەکان بەڵێننامەیەکی نووسراو پێشکەش بکەن بۆ ڕاگرتنی فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات و هەڵگرتنی هەندێک سزای سەر مۆسکۆ". 

ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا کردووەتە مەرج بەوەی سەرکردە ڕۆژئاواییەکان بەڵێننامەیەکی نووسراو پێشکەش بکەن بۆ ڕاگرتنی فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات و هەڵگرتنی هەندێک سزای سەر ڕووسیا". 

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند" بەڵگەنامەکان بۆ تاوتوێکردنی لیستی مەرجەکانی ئاگربەستی کاتی لەگەڵ ئۆکرانیا ئامادە دەکرێن، هاوکات ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت بەردەوامە". 

هەروەها ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت" ڕوسیا بەردەوامە لە کارکردن لەسەر داڕشتنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی، دیاریکردنی مەرج و بنەماکانی یەکلاییکردنەوە، خشتەی کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی و ڕاگرتنی ئاگربەست ئەگەر لێکتێگەیشتنێکی گونجاو ئەنجام بدرێت". 

دوێنێ چوارشەممە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاشکرایکرد، بەم نزیکانە خولی نوێی دانوستانەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا ڕادەگەیەنرێت. 

هاوکات نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی بوونی هێزەکانی ناتۆ لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ڕووسیا دەربڕی و ئەم هەنگاوەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە وەسفکرد.



PM:06:31:29/05/2025