کۆشکی سپی ڕایگەیاند" ئیسرائیل ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازی نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئاگربەستی غەززە بەڵام تا ئێستا حەماس رەزامەندی دەرنەبڕیوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند" بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڕازی نەبووە".
وتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل ڕەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، دەربڕیوە و بە ئاگربەست ڕازی بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ مێدیا ئیسرائیلییەکان، بڵاویان کردەوە، ئەو پێشنیازیەی کە شەوی ڕابردوو ویتکۆف خستیتییە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم، بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژی لە کەرتی غەززە، کە لەو ماوەیەدا ٩ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت و ١٨ تەرمیش بۆ وڵاتەکە دەنێردرێنەوە.
بە گوێرەی پێشنیازەکەی ویتکۆف، ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری ڕێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوو، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمدا، لەو ناوچانەی کە لە باشووری ڕێڕەوی نەتساریم داگیری کردبوو دەکشێتەوە.