ئەمەریکا لە رێگەی نێردەرەکەیەوە بۆ سوریا هەوڵدایە لە دیمەشق کۆبوونەوەیەک بۆ مەزڵوم عەبدی و فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن بەرپرسی دەزگای هەواڵگری میت لە دیمەشق رێکبخات.
پێگەی مۆنیتەری ئەمەریکی بڵاویکردۆتەوە، رۆژی پێنج شەممە ٢٩ ی ئایار تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە.
لەو پەیوەندیە تەلەفونییەدا نێردەرەکەی ئەمەریکا بۆ سوریا پشتیوانیی وڵێتەکەی بۆ هەسەدە دژی داعش دووپاتکردۆتەوە، هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدەی هان داوە بەردەوام بێت لە گفتوگۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ تورکیا.
" بەرپرسانی تورکیا پێشنیازیان کردووە لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکی باڵا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بکەن، بەڵام بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بە ئەنجامی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا گرێدراوە."( مۆنیتەر وا دەڵێت ).
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان باراک و مەزڵووم عەبدی مۆنیتەر وا راڤەی دەکات کە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی واشنتن بۆ ئەوەی بتوانێت لە یەک کاتدا هاوئاهەنگییەکی باش لەگەڵ کوردی رۆژئاوای کوردستان و تورکیادا هەبێت، بێ ئەوەی ئەنقەرە لە خۆی بتۆرێنێت.
مۆنیتەر دەشڵێت، پێشنیازەکە بەو جۆرەیە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا یان ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگریی ئەو وڵاتە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق کۆببێتەوە، دوای ئەوەی شاندی کوردی لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا کۆبووەوە.
گەر ئەم کۆبوونەوەیە لە دیمەشق سازبکرێت ئەمە بەیەکەم کۆبوونەوە دادەنرێت لە نێوان هەسەدە و دووبەرپرسی باڵای تورکیا بە ناوبژیوانی ئەمەریکا لە دیمەشق، پێشتر چەند کۆبوونەوەیەک کە لەلایەن ئەمەریکاوە رێکخراوە هەسەدە بەشداری تێدا کردووە، بەلآم مەزڵوم و بەرپرسانی باڵای تورکیا لەم ئاستەدا بەشداریان نەکردووە.