ڕۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ئێران داوای کەرەستەی دروستکردنی سەدان مووشەکی بالیستی لە چین کردووە.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، تاران لەگەڵ ئەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەکات، لەلایەکی دیکەوە هەوڵی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی دەدات.
ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لەو ڕێککەوتنە ڕایگەیاندووە، ڕەنگە ئەو کەرەستەیەی ئێران داوای کردووە، بۆ گرووپەکان بێت وەک هەوڵێک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی "بەرەی مقاوەمە".
بەرپرسێکی ئاگادار لە رێککەوتنەکە بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی وتووە" بەگوێرەی گرێبەستە نوێیەکەی نێوان ئێران و چین، بەو کەرەستانەی داوا کراوە، دەتوانرێت لانیکەم ٨٠٠ مووشەک بەرهەم بهێنرێت".
ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئێران لە ئێستاوە دەستی کردووە بە چاککردنەوەی ئەو کەرەستانەی کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشیان کرایە سەر.
هەروەها ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ئێران هەوڵ دەدات بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێزتر بکات و خۆی بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیلی ئامادە بکات، هەروەها دەیەوێت خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکاش ئامادە بکات، لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی ئەتۆمی.
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامدراوە بەڵام سەرەڕای گەشبینییەکان بۆ رێکەوتن لەو ماوەیەدا تاران و واشنتۆن لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە ناکۆکیان لە نێوان دروست بووە.