ئۆکرانیا رایگەیاند، روسیا سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر وڵاتەکەیان ئەنجامداوە و وەزارەتی بەرگری ڕوسایش ڕایگەیاند، لە شەوێکدا ١٧٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان خستوەتە خوارەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد وڵاتەکەیان روبەروی هێرشێکی بەرفراوانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی روسیا بوەتەوە.
ئەو بەرپرسە سەربازییە دەشڵێت، روسیا شەوی رابردو ٤٥٢ هێرشی ئاسمانی کردوەتە سەریان، کە ٤٥ یان موشەکی بالیستیکی و ٤٠٧ کەی دیکەش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، کە لە وەزارەتی بەگری روسیاوە وەریگرتوە، ئەو شوێنانەی روسیا کردونیەتیە ئامانج، شوێنی سەربازی و ژێرخانی چەکە بوە.
لەبەرانبەردا ئیدارەی سەربازی لە کیێڤ ڕایگەیاندوە، هێرشەکان دامەزراوە مەدەنی و نیشتەجێبونەکانیان کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا لانیکەم چوار کوژراو و ٢٠ برینداری لێکەوتوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی زیان بە میترۆی شارەکە کەوتوە.
لای خۆشییەوە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، لە شەوێکدا ١٧٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان خستوەتە خوارەوە، ئەمەش گەورەترین تێکشکاندی هێرشی ئۆکرانیایە لەم هەفتەیەدا.