سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەر ئەو کەشتییە داگرت کە بە ١٢ سەرنشینەوە لە هەوڵدابوو گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەنێت.
زنجیرەی کەشتییەکانی هاوپەیمانی ئازادی (Freedom Flotilla Coalition) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەبارەی دۆخی کەشتییەکەیان زانیاری بڵاو کردەوە.
هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاندووە کە سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە و هەر بۆیەش پەیوەندییان لەگەڵ کەشتییەکە پچڕاوە و چالاکوانەکانیش لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕفێندراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا وێڕای ئاماژەدان بەوە کە کەشتییەکە بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی فەڵەستین بەڕێ کەوتووە، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە بۆ ئازادی چالاکوانان گوشار بخرێتە سەر وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە.
کەشتی مادلین سەر بە ڕێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی بە ناوی (Freedom Flotilla Coalition-FFF)یە و لە ١ی حوزەیرانەوە لە بەندەری جان لی کوتی لە شاری کاتانیای ئیتاڵیا بەرەو غەززە بەڕێ کەوتووە.
کەشتی مادلین ١٢ سەرنشینی هەیە و چالاکوانی سویدی گرێتا تۆنبێرگ و ئەکتەری ئیرلەندی لیام کانینگهام لە کەشتییەکەدان.
ئەو چالاکوانە مەدەنیانە دەیانەوێت گەمارۆکانی سەر کەرتی غەززە بکشێنن و یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەننە غەززە.