جارێکی تر نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی و گەشبینی بە دانوستانەکانی ئەمریکا و چین لە لەندەن، بە هۆکاری ئەو دابەزینەی کانزا زەردەکە دادەنرێت.
ئەمڕۆ جارێکی تر لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی زێر دابەزی. ئەوە سەرەڕای ئەوەی دوێنێ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکان، نرخی ئۆنسەیەک زێر بە سێ هەزار ٢٩٨ دۆلار مامەڵەی پێوە کرا و دواتر بەرزبوەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار و ٣١٥ دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە، نرخی ئۆنسەیەکی بە رێژەی ٥٪ دابەزی و نرخەکەی بوە سێ هەزار و ٣١١ دۆلار .
بەپێی پێنوێنەکانی بازاڕی زێڕ، نرخی هەر ئۆنسەیەک لە کانزا زەردەکە لە گرێبەستەکانی داهاتودا، بە سێ هەزار و ٣٣٠ دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
بازرگانان چاوەڕێی ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان چین و ئەمریکان لەسەر کێشە بازرگانییەکانیان، ئەمەش وای کردوە، ناجێگیریەکی زۆر لە نرخی زێڕدا دروست ببێت، هەروەک شرۆڤەکاران پێیان وایە، ئەگەر دانوستاندنەکان ئەنجامی ئەرێنییان لێ بکەوێتەوە و ئەمریکا و چین لەسەر بازنەیەکی بەرفراوانی کاروباری بازرگانی نێوانیان رێک بکەون، نرخی زێڕ زیاتر دادەبەزێت..