ئێران و ئەمریکا کاتی جیاواز بۆ دانوستانەکان دەستنیشان دەکەن

ئێران و ئەمریکا دوو کاتی جیاواز بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ڕادەگەیەنن کە بڕیارە لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو گەڕیکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە شاری مەسقەت ئەنجام دەدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوە و گەورە دانوستانکاری ئێران بۆ نەرویج گەشت دەکات.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند"  ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان دەستپێدەکاتەوە".

ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا کە پرسی دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان تێدا باس کردبوو ڕایگەیاند" دەمانەوێت لە بری مەرگ و وێرانکاری لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوین و تا ئێستا لەگەڵ ئێران ڕێکنەکەوتوین و تیمی دانوستانکاریان سەرسەختن".

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریشیدا لەوەی جێگرەوەکانی ڕێکنەکەوتن زۆر مەترسیدار دەبن لەسەر ئێران و ئەو شتانەش کە تاران داوایان دەکات "ناکرێت قبوڵ بکرێن".



PM:02:51:10/06/2025