ئێران وەڵامی توندی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەداتەوە

سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران وەڵامی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەداتەوە و دەڵێت”کاتێک سەنتەرفیوجەکان دانران ناوەندە نوێیەکەی پیتاندن دەکەوێتەکار”.

محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، ئەو دامەزراوە نوێیەی پیتاندنی یۆرانیۆم، کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی کارگێڕی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) دەرکراوە، دایدەمەزرێنن، شوێنێکی پارێزراو و ناتوانرێت دەست پێیبگات و، کاتێک دامەزرا سەنتەرفیوجەکان دەخرێنەکار.

سەبارەت بە کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی کارگێڕی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەرکرا، ئیسلامی بۆ تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی دواو زانیاری نوێی ئاشکراکرد..

ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد، دوای بڕیارەکە بڕیاردرا بە دامەزراندنی ناوەندێکی نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم لە شوێنێکی پارێزراودا و، وتی”وەک وەڵامێک بۆ ئەم کردە نایاسایی، سیاسیی و توندڕەوییەی لایەنی بەرامبەر، ئێران بە هاوکاری خودا سێهەمین دامەزراوەی پیتاندن دەخاتە کار. ئەم دامەزراوەیە دروستکراوە، ئامادەکراوە، شوێنێکی پارێزراو و دەستپێیناگات”.

ئیسلامی باسی لەوەشکرد، کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی بابەتەکە ئاگادار دەکەنەوە و ڕایگەیاند "کاری دانان و دامەزراندنی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج دەستپێدەکات. هەر کە ئامێرەکان دامەزران، چالاکییەکانی پیتاندن لەم دامەزراوە نوێیەدا دەستپێدەکات”.

ئیسلامی ئەوەیشی خستەڕوو کە لە دامەزراوەکەدا نەوەی نوێی سەنتەرفیوجەکان بەکاردەهێنرێن.

ئێران دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ناوچەکانی نەتەنزی سەربە پارێزگای ئەسفەهان و، فۆردۆی سەربە پارێزگای قوم هەیە.



AM:12:07:13/06/2025