سعودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و دەڵێت" پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکە و یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
شانشینی سعودیە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆی لە بەردەوامی پەرەسەندنی ناوچەکە و فراوانبوونی ئەو ململانێیەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان و گەلانی ناوچەکە دەکات دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند" ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل پێشێلکارییەکی ئاشکرا و پێشێلکردنی یاسا نێودەڵەتییەکانە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەم هێرشانە ڕابگرن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل لە چەندین هێرشی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی تایبەتدا زیاتر لە دەیان شوێنی لە ئێران کردە ئامانج و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج لە نێوانیاندا سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران و فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران هەن.
هەروەها بەپێی وتەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمرۆیدا بۆ سەر تاران و چەند ناوچەیەكی تری ئێران، ٢٠٠ فرۆكەی جەنگی بەشدارییان كردووە و لە هێرشەکەشدا ١٠ زانای ئەتۆمی كوژراون.