فەرماندە نوێکەی سوپای پاسداران: بەم نزیکانە دەرگای جەهەنەم دەکەینەوە


فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی نوێی ئێران، محەممەد پاکپوور، لە یەکەم هەڵوێستیدا دوای وەرگرتنی ئەم پۆستە، رایگەیاند" چارەنووسێکی تاڵ و پڕ ئازاریان دەبێت و بەم نزیکانە دەرگای جەهەنەم بەڕوویاندا دەکەینەوە".

محەممەد پاکپوور کە ئەمڕۆ هەینی بەبڕیاری رابەری کۆماری ئیسلامی بە جێگرەوەی سەلامی لە پۆستی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دەست بەکار بوو، لە پەیامێکدا هەڕەشەی توندی تۆڵە سەندنەوە لە ئیسرائیل کرد و دەڵێت" خوێنی کوژرانی پۆلێک لە فەرماندە و ژمارەیەک لە زانایانی ئەتۆمی و منداڵان و ئافرەتانی بێتاوان، لە هێرشەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بەبێ وەڵام نامێنێتەوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " بە پشتیوانی هاوسەنگەرانی هێزەکانی ئەرتەش و سەرجەم هێز و یەکە چەکدارییەکانی دیکە، سوپای پاسداران گورزی کوشندە لە ئیسرائیل دەوەشێنین".

" بەم نزیکانە بۆ تۆڵە سەندنەوەی خوێنی فەرماندەکان، زانا ئەتۆمیەکان و هاووڵاتیان، دەرگای جەهەنەم بەڕووی ڕژێمی ئیسرائیل دەکەینەوە".( محەمەد کاپور وا دەڵێت ).

بەرەبەیانی رۆژی ١٣ ی حوزەیران ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی ئاسمانی کردە سەر ئێران و چەندان سەرکردەی سەربازی و زانای ئەتۆمی ئێرانی کوژران: 

لیستی ناوی ئەو سەرکردانەی ئێران کە ئەمڕۆ بەدەستی ئیسڕائیل کوژران

1. ژەنەڕاڵ حاجی زادە، (فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران).
2. ژەنەڕاڵ محەمەد باقری، (سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران).
3. ژەنەڕاڵ حوسێن سەلامی، (فەرماندەی سوپای پاسداران).
4. ژەنەڕاڵ غوڵاعەلی ڕەشید، (جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان).
5. ژەنەڕاڵ مەهدی ڕەببانی، (جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان).
6. ژەنەڕاڵ داود شێخیان، (فەرماندەی بەرگری هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران).
7. فەرەیدون عەباسی، (سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران).
8. محەمەد مەهدی تارانچی، (پڕۆفیسۆری دیاری فیزیا و سەرۆکی زانکۆی ئازادی ناوەندی تاران).
9. عەبدولحەمید مەنوچێهری، (زانای ناوداری ئەتۆمی).
10. ئەحمەد ڕەزا زۆڵفەقاری، (زانای ناوداری ئەتۆمی).
11. ئەمیر حسێن فەقیهی، (زانای ناوداری ئەتۆمی).
12. مۆتلەبیزادە، (زانای ناوداری ئەتۆمی).

 ئەمانەی خوارەوە دەنگۆی کوشتنیان هەیە و تا ئێستا پشتڕاستنەکراونەتەوە:

13. ئیسماعیل قائانی، نەکوژراوە ، (فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران).
14. فەریق محەممەد جەعفەر ئەسعەدی، (جێگری پشکنەری مەڵبەندی ناوەندی خاتەمولئەنبیا).
15. عەمید عەلی شەمخانی، (ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران و سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی).ئ







PM:08:06:13/06/2025