٢٤ کاتژمێر تێپەڕی و ئێران و ئیسرائیل لە بۆردوومانکردنی یەکدی بەردەوامن، ئیسرائیل بە چەند قۆناخێک هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران و ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشتوون. ئێرانیش بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی داوە. هاوکات ترەمپ هۆشداری دەدات. لەم لایڤ بلۆگە دوایین زانیارییەکان دەخوێننەوە.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان رایانگەیاند" بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند ئامانجێكیان لەناو ئێران بۆردومانكرد، هاوكات سوپای ئێرانیش كۆمەڵێك موشەكی تری ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد".
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكردووە کار بۆ رێگری کردن لە شەپۆلی نوێی موشەکەکانی ئێران دەكەن و جەختیان لەوەکردەوە کە کار لەسەر بە ئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتی و گازی ئێران دەکەن.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیلی، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە باشوری ئیسرائیل بیستراوە.
ئەوە لە كاتێكدایە، کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاویكردووەتەوە" ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر دەکاتەوەو، بنکە هەرێمایەتیەكانی هەر وڵاتێکیش كە هەوڵی بەرگریکردن لە ئیسرائیل بدات دەکاتە ئامانج."
هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، خزمەتگوزاری فریاكەوتنی ئیسرائیلی رایگەیاند" بەهۆی كەوتنەخوارەوەی موشەکێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیل، سێ کەس كوژراون و ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە (٨٠) كەس."
ئاماژە بەوەشکردووە، موشەکێکی ئێرانی لە نزیک ماڵێك لە ناوەڕاستی ئیسرائیل كەوتووەتەخوارەو، چەند کەسێک لە ژێر داروپەردوی خانووەكەیان گیریان خواردووە.
لای خۆشییەوە هەواڵدەریی ئیرنای ئێرانی بڵاویکردووەتەوە کە، بەشێک لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە کەوتوونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
دەوترێت تەقینەوەی بەهێز لە پشت تێرمیناڵی چواری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد و بینای فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەکە ڕوویداوە.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئێرانی رایگەیاند "هەر وڵاتێک هەوڵبدات بەرگری لە ئیسرائیل بکات، بنکە و پێگە هەرێمییەکانی دەبنە ئامانجی نوێ."