گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل لە پەرەسەندن دایە و بەرپرسانی باڵای ئێران هۆشداری دەدەن کە هێرشی وڵاتەكەیان بۆ سەر ئیسرائیل لە چەند رۆژی داهاتوودا فراوانتر ده بێت و بنکەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە دەگرێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی نیمچە فەرمی ئێران، لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە" وەڵامدانەوەی شەوی رابردوو بۆ ئیسرائیل سنوردار بووەو لە داهاتوودا هێرشەکانیان فراوانتر دەكەن و بنکەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە دەگرێتەوە".
بەرزپرسانی ئێرانی راشیانگەیاندووە" لە هێرشەکانی داهاتوودا زیاتر لە ٢٠٠٠ مووشەک ئاراستەی ئێسرائیل دەکەین".
لای خۆشییەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دەیڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند"داوای دان بەخۆ داگرتن لەم کاتەدا بێ مانایە".
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی" ئێران دەستی بە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کورە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە".
رۆژی هەینی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، ئیسرائیل بە زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە ٢٠٠ ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
لەبەرانبەریشدا ئێران هێرشێکی بەربڵاوی بە مووشەک و دڕۆن بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و بە پێی زانیارییەکان نزیکەی ٥٠ بریندار و کوژراوێکی لێکەوتەوە.