پوتین و ترەمپ باس لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەن

سەرۆکی ڕوسیا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، پەرەسەندنی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی تاوتوێ کرد و تیشکی خستە سەر هەڕەشەکانی ناوچەکە و ئەگەری گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی دانوستان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

بەپێی هەواڵی میدیای ڕووسیا ئەمڕۆ شەممە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی تاوتوێ کردووە.

ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا لە زاری کرێملینەوە ڕایانگەیاندووە" هەڵکشانی مەترسیدار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکەدا بووە".

لەو چوارچێوەیەدا یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند کە" پوتین و ترەمپ ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ڕەت نەکردەوە". 

ئوشاکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت" سەرۆکی ڕووسیا وەبیری هێنایەوە کە بەر لە پەرەسەندنی ئێستا، هەنگاوی تایبەتمان پێشنیار کرد کە ئامانج لێی گەیشتن بە ڕێککەوتنی پەسەندکراوی هەردوولا لە کاتی دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران". 

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ دۆخەکەی بە ئەوپەڕی نیگەرانکەر هەڵسەنگاند، سەرەڕای ئەوەی دان بە کاریگەریی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکان لە ئێراندا نا.



PM:11:30:14/06/2025