سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ڕابردوودا "زنجیرەیەک هێرش"یان لە تاران ئەنجامداوە کە بە تایبەتی پەیوەست بوون بە پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو ئامانجانە بریتی بوون لە "بارەگای وەزارەتی بەرگری ئێران، پڕۆژەیەکی ئەتۆمی و شوێنی دیکەی تایبەت کە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بەرەوپێش دەبەن و لەو شوێنانەشدا کە ڕێژیمی ئێران ئەرشیفی ئەتۆمی خۆی شاردبووەوە".
لای خۆشیەوە ئاژانسی هەواڵی سەر بە سپای پاسداران، (تەسنیم)، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٥ی حوزەیران هەروەها بڵاویکردەوە، بارەگای وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان و ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی بەرگری (سەپەند) لە ناوچەی تازە دروستکراوی تاران "لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج".
بە وتەی تەسنیم، "یەکێک لە باڵەخانە کارگێڕییەکانی بارەگاکە زیانیان بەرکەوتووە".
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نەبووە کە کراونەتە سەر ئێران وجەختیشی کردەوە کە دەتوانێت بە ئاسانی کۆتایی بە ململانێی خوێناویی نێوان ئێران و ئیسرائیل بھێنێت.سەرۆکی ئەمریکا لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند: "بە هەر جۆرێک هەر هێرشێکمان بکرێتەسەر، هەموو هێز و توانای سوپای ئەمریکاتان دێتەسەر، بەجۆرێک پێشتر نەتانبینیبێت."
لای خۆشیەوە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەپەیامێکدا بۆ گەلی ئێران دەڵێت،" ئیسڕائیل هەڵەیەکی گەورەی کرد و دەستپێشخەربوو لە ڕژانی خوێنی ئەفسەرانی خاکپارێزێ وڵات و دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتەکەمان، هەروەها وتی ئێمە لە خوێنی شەهیدانمان خۆشنابین و بەهێزەوە ڕوبەڕویان دەبینەوەو ژیان لە زایۆنییەکان تاڵ دەکەین.
عەلی خامنەیی لەپەیامەکەیدا وتیشی،" ئەوان دەستیان وەشاند و جەنگیان دەستپێکرد و نابێ بە سەلامەتی لێی دەربچن".
لە یەکەم زنجیرەی هێرشەکانی رۆژی هەینی ئیسرائیلدا ٧٨ کەس کوژران و ٣٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون. دەسەڵاتدارانی ئێران تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ئامارێکی نوێیان بڵاونەکردووەتەوە.
بە وتەی وتەبێژی خزمەتگوزاری نیشتمانیی ئیسرائیل، دوو ژنی تەمەن ٦٩ و ٨٠ ساڵ، کچێک و کوڕێکی ١٠ ساڵان کوژراون و نزیکەی ١٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.