بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند" وڵاتەکەی زانیاری هەیە کە سەرکردە باڵاکانی ڕژێمی ئێران جانتاکانیان کۆدەکەنەوە"، ئەم لێدوانانە لە دووەم ڕۆژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان دێت.
لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بە زمانی ئینگلیزی نەتانیاهۆ وتی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی "هەستیان بەوە کردووە کە چی دەبێت".
"پێتان دەڵێم ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردایە چی ڕووی دەدا؟ زانیاریمان هەبوو کە ڕژێم بەنیازە ئەو چەکی ئەتۆمییەی کە پەرەی پێدەدات ڕادەستی هێزە تیرۆریستییەکانی بکات، ئەمەش هەڕەشە بوو بۆ سەر هەموو جیهان."( نەتانیاهۆ وای وت)
نەتانیاهۆ وتی ئۆپەراسیۆنەکە بە "پاڵپشتی ڕوون"ی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدراوە.
ڕۆژێک دوای ئەوەی ئیسرائیل لە هێرشێکی لەناکاودا فەرماندەیی باڵای سەربازی کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج، بۆ یەکەمجار پیشەسازی نەوت و گازی ئێرانی کردە ئامانج و میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ئاگرکەوتنەوەیان لە کێڵگەیەکی گاز لە باشووری ئێران و کۆگایەکی نەوت لە تاران بڵاوکردەوە.
لە تاران، کاربەدەستانی ئێران ڕایانگەیاندووە "کە نزیکەی ٦٠ کەس کوژراون کە ٢٩ کەسیان منداڵن لە هێرشێکدا بۆ سەر کۆمپاوندێکی نیشتەجێبوون و ڕاپۆرتەکانی هێرشی زیاتریش لە سەرانسەری وڵاتدا دەسوڕێنەوە".
ئیسرائیل ڕایگەیاند "تا ئێوارەی شەممە بە کاتی ئێران زیاتر لە ١٥٠ ئامانجی لێداوە".
لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ئێوارەی ڕۆژی شەممە بۆ دووهەمین شەوی یەک لە دوای یەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.