عێراقچی: ئەمریکا هاوبەشە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند" ئەمریکا یارمەتی ئیسرائیل دەدات لە جەنگ دژی ئێران و پێویستە بەرپرسیارەتیی ئەو یارمەتیانە لە ئەستۆ بگرێت، دوپاتیشیکردەوە ئەوان شەڕ ناگوازنەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر". 

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس عەباس عێراقچی لە میانی دیدارێک لەگەڵ بالیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکانی ولاتانی لە ئێران ڕایگەیاند" هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان، بەبێ ڕێکەوتن و پشتیوانی ئەمریکا هەرگیز نەیدەتوانی ڕوبدات و پێویستە ئەمریکا بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت ".

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی"  ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران هێڵە سورە نێودەوڵەتییەکانی بڕیوە، جەختیشی کردەوە لەوەی  تەلئەبیب هیچ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی ناوێت و دیپلۆماسیەت ناخوازێت".

عێراقچی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد،ولاتەکەی ئامادەنییە لە هیچ ڕێکەوتنێکدا دەست لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت، و بە مافی خۆی دەزانێت، بەڵام ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، ، وەزیری دەرەوەی ئێران دوپاتیشیکردەوە، تاران جەنگ بۆ ولاتانی دیکە ناگوازێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئیسرائیل لەبەردەستدایە و هێرش دەکرێتە سەریان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیل لێدرا و دەیان مووشەکی بالیستی ئێران گەیشتە ئاسمانی تەلئەبیب و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، چاودێری هەڵدانی دەیان مووشەکی بالیستی ئێرانیان کردووە و سیستەمی بەرگری بەرپەرچیان دەداتەوە.

جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێیناوەتە سێیەم ڕۆژە، هاوکات ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی بەناوی "هەستانەوەی شێر" و ئێرانیش ئۆپەراسیۆنەکانی بە ناوی "بەڵێنی ڕاستگۆی ٣"دەستی پێ کردووە.




AM:11:59:15/06/2025