ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند" هێرشەکانی ئیسرائیل کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٢٤ هاوڵاتی کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ بوون".
حسێن کرمانپوور وتەبێژی وەزارەتەکە، ئەمشەو لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە" زیاتر لە ٩٠٪ی برینداران و گیان لەدەستدانەکان لە نێو خەڵکی سڤیل بووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا هەزار و ٢٢٧ بریندار لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن، هاوکات ٥٢٢ بریندار دوای باشتربوونی باری تەندروستییان نەخۆشخانەیان چۆڵکردووە.
وەزارەتەکە دووپاتیکردەوە کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەکان هەیە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاکەوتن لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.