شەڕ وپێکدانانی ئێران وئیسرائیل بۆسەر یەکدی بەردەوامە و سوپای پاسدارانی ئێران جەخت لەوەدەکاتەوە کە لە هێرشەکانیان بەردەوامە و بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی ئێران ٢٢٤ کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون ولە ئیسرائیلیش ١٧ کەس کوژراون.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٦٥ کاتژمێری رابردووی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلی بۆسەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "لەو ماوەیەدا ٢٢٤ کەس شەهیدبوون و هەزار و ٢٧٧ کەسی دیکەش لە نەخۆشخانەکانی زانکۆکانی وڵاتەکەیان چارەسەریان بۆکراوە، کە زیاتر لە ٩٠%یان کەسانی سڤیلن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ٥٢٢ کەس لە بریندارەکان لە پاش وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
لای خۆشییەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد" داهێنان و تواناییە بەکارهاتووەکان لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە شێوەیەک بوون کە سەرەڕای پشتگیریی هەمەلایەنەی ئەمریکا و زلهێزانی رۆژئاوا لە ڕژێمی زایۆنی و هەبوونی پێشکەوتووترین سیستمی بەرگریی ئاسمانی، زۆربەی مووشەکەکانمان سەرکەوتووانە ئامانجی خۆیان پێکا”.
دەشڵێت" ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئامانجە گرنگەکانی ئەم ڕژێمە ساختەیە، کاریگەرتر، ئامانجدار و بەهێزتر بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی بە تەواوی لەناو دەچێت”.
هەروەها بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل، بەهۆی وەڵامەکانی ئێران بۆسەر ناوچەکانی ئیسرائیل، بەلایەنی کەمەوە ١٧ هاوڵاتیی ئیسرائیلی کوژراون و ٣٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرەبەیانیی هەینی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ەوە، پێکدادانی راستەوخۆی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران دەستیپێکردووە. سەرەتا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەی ئەتۆمی و سەربازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران.
پاشان ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنی ''بەڵێن راست ٣''ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند کە تاوەکو ئێستا بە چەند قۆناخ هێرشی مووشەکیان کردووەتە سەر یەکدی.