ئەردۆغان: ئامادەی نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران بکەین

سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئێران رایگەیاند" تورکیا توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵی نێوەندگیری لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بگێڕێت."

ئەمڕۆ دووشەمە، ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند" ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پەیوەندی بە هاوتا ئێرانییەکەی کردووە".

سەرۆکایەتی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت" ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکی ئێران، مەسعود پزیشکیان'ـی ڕاگەیاندووە، "تورکیا توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵی نێوەندگیری لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بگێڕێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باسی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کردووە.

ڕاشیگەیاندووە: "سەرۆکی تورکیا زنجیرەیەک پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکان جیهان سەبارەت بە پرۆسەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران کردووە و تورکیا ئامادەیە ڕۆڵی ئاسانکاری بۆ کۆتایی هاتنی دەستبەجێی ململانێکان و گەڕانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان بگێڕێت."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند، لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.




PM:02:37:16/06/2025