بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بنکەی ئاسمانی تەلنۆڤ داوای لە خەڵکی تاران کرد شارەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی کاری خۆیان بکەن.
دووشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە هاوبەشی وەزیری بەرگریی یسرائیل کاتس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بنکەیەکی ئاسمانی وتی: "کار بۆ لەناوبردنی مووشەکە بالیستییەکان و پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن، هەموو ئامانجەکانی ئێران دەپێکین بەپێچەوانەی هێرشەکانی ئێران کە هاووڵاتییانی سڤیل دەکاتە ئامانج و ژن و منداڵ دەکوژێت".
ناتانیاهۆ راشیگەیاند" ئێمە بە هاووڵاتییانی تاران دەڵێین، شارەکە چۆڵ بکەن، ئێمەش کاری خۆمان دەکەین، هەموو ئەوانەشی بە قارەمانێتی فڕۆکەوانەکان و سەربازەکانی سەر زەوی وەسف کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی ئیسرائیل ڕێز لە ئێوە دەگرێت و خەڵکی جیهان ماچتان بۆ دەنێرن، بۆیە سەردەکەوین و بەردەوام بن تا سەردەکەوین".
پاشان یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە فڕۆکەوانەکانی بنکەکەی راگەیاند" بڕیاری جەنگ لەگەڵ ئێران ئاسان نەبوو، ئێمە تەنها شتێکمان دەزانی، ئەویش ئەوەبوو، پرسەکە یەکلایی بکەینەوە بە پشتیوانی ئێوە، ئێوە دەزانن چۆن ئەنجام بەدەست بێنن، ئەوەی ئێستا لە ئاسمانی تاران دەیبینین، ئەنجامەکەیە، هەموو گەلی ئیسرائیل پشت بە ئێوە دەبەستێت".