وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە ئامانجی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و دەڵێت" ئامانجی هێرشەکان پووچەڵکردنەوەی ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتنی تاران و واشنتۆن بووە".
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە" هەموو ئاماژەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی سەرەکی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییەی کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی قەوارەی زایۆنیستی دژی ئێران دەستیپێکردووە، پووچەڵکردنەوەی ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی تاران و واشنتۆن بووە".
ڕوونیشیکردەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بە سەدان کەسی مەدەنی کراونەتە ئامانج، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، بە پلەی یەکەم مەبەست لێی پوچەڵکردنەوەی نزیکبوونەوەی تاران و واشنتۆن بووە.
دەشڵێت" ناتانیاهۆ جارێکی دیکە هەوڵی فریودانی سەرۆکی ئەمریکا و باجدەرانی ئەمەریکا دەدات بۆ ئەوەی پارەی شەڕە بێماناکەی بدات".
عێراقچی ئەوەشی خستەڕوو، تەنها پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە واشنتۆنەوە بەسە بۆ بێدەنگکردنی ناتانیاهۆ و خۆشکردنی ڕێگا بۆ گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشیدا لەوەی کە تێوەگلانی ئەمریکا لەو شەڕە کە بە "دایکی هەموو شەڕە ئەبەدیەکان" وەسفی دەکات، هەرچانسی چارەسەری دانوستانکاری لەناو دەبات و دەرگا بەڕووی کاردانەوەی مەترسیدار و پێشبینینەکراودا دەکاتەوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری جیهانی دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عێراقچی دەشڵێت" ئێران ئەم شەڕەی دەستپێنەکردووە و هەوڵی درێژەدان بە خوێنڕشتن نادات، بەڵکو تا دوا دڵۆپی خوێن شەڕ دەکەین بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەمان، گەلەکەمان، کەرامەتی خۆمان و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان دەپارێزین".
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی خۆی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی سەربازی سوپای پاسداران و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران کوژران.