ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، حکومەتی ئێران مووشەک و کەرەستە سەربازییەکانی دیکەی خۆی ئامادە کردووە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر ئەمریکا بەشداری ئیسرائیل بکات لەو هێرشانەدا.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەرەڕای هەڕەشەی زارەکی توندی ئەم دواییەی لە دژی کۆماری ئیسلامی، هێشتا بە فەرمی بڕیارێکی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەمریکا لە گەڵ ئیسرائیل لە هێرشەکاندا ڕانەگەیاندووە.
چەند سەعاتێک پێشتر سی بی ئێس نیوز بە پشتبەستن بە پێنج سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ژووری قەیرانەکانی کۆشکی سپیدا هیچ کۆدەنگییەک لەبارەی بەشداری سەربازی ئەمریکا و چۆنیەتی بەشداریکردن لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا نەبووە.
هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و ڕۆیتەرز و سی ئێن ئێن بڵاویانکردووەتەوە، ئەگەری زۆرترین بژاردەی ترەمپ بیری لێدەکاتەوە، بریتییە لە: بەکارهێنانی بۆمبی زەبەلاحی ئەمریکیی لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆ، هەروەها ڕێگەدان بە فڕۆکە تانکەرە ئەمریکییەکان بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل.