هێرشەکانی ئێران وئیسرائیل بۆسەر یەکدی بۆ شەشەمین رۆژ بەردەوامە و مەترسی تەشەنەسەندی شەڕ و وتێوەگلانی ئەمریکاهەیە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" شەوی رابردوو هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژ و چەند شوێنێکی بەرهەمهێنانی چەکی ئێران".
باسی لەوەشکرد، زیاتر لە ٥٠ فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی بە رێنمایی وردی هەواڵگری لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناوچەی تاران کردووە.
هەروەها، میدیاکانی ئێران باسیان لە تەقینەوەیەکی بەرفراوان کردووە کە رۆژهەڵاتی تارانی هەژاندووە و دیمەنی سێ تەقینەوەیان لە شاری ئەبهەر لە پارێزگای زەنجان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زانکۆی ئیمام حسێن کە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەیە لە رۆژهەڵاتی تاران بڵاوکردەوە.
هاوکات، سوپای پاسدارانی ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆیی سێ، نزیکەی ٣٠ موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تارانی پایتەخت دەست پێکرد و چەندین شوێنی بۆردومان کرد.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەرەڕای هەڕەشەی زارەکی توندی ئەم دواییەی لە دژی کۆماری ئیسلامی، هێشتا بە فەرمی بڕیارێکی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەمریکا لە گەڵ ئیسرائیل لە هێرشەکاندا ڕانەگەیاندووە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا خۆی یەکلایی کاتەوە کە ئایا بەشداری شەڕ دەکات یان خود نا.
رۆژی ١٣-٦-٢٠٢٥ ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و رایگەیاند ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە لەنێوبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی و توانا مووشەکییەکانی ئێرانەو لەبەرامبەریشدا ئێران بەدەیان موشەک هێرشی کرد بۆسەر شارەکانی ئیسرائیل.