ئێران دەستگیرکردنی پێنج کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردنی ئەلێکترۆنی بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند و بەوەش لە ڕۆژی هەینییەوە تا ئێستا، ١٠ کەس بەو تۆمەتە دەستگیر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس و بە پشتبەستن بە پێوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە لوڕستان، بە هەوڵی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستان، پێنج کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیر کردووە، کە لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای لوڕستان کاریان بۆ مۆساد کردوە.
میدیا فەرمییەکەی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە دەڵێت" ئەو کەسانە هەوڵیانداوە لە فەزای ئەلیکترۆنیدا دڵەڕاوکێی گشتی دروست بکەن و کۆماری ئیسلامی ئێران بسڕنەوە".
بەوەش لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە ڕۆژی هەینییەوە تا ئێستا، ١٠ کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردن و سیخوڕی بۆ مۆساد دەستگیر کراون.