بەهۆی بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنج شەممە نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی.
لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٧٦ دۆلار و ٨١ سەنتە، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٦ دۆلار و ٧ سەنت بوو.
هەروەها نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس گەیشتە ٧٤ دۆلار و ٨٦ سەنت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٣ دۆلار و ٥ سەنت بوو.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی هەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلە کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی یەکدی دەکەن، سەرەڕای چەندین جار بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست لە نێوان هەردوولا، بەڵام هێرشە مووشەکییەکان بەردەوامن.
ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێکە و ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنیت، لەوەش گرنگتر، نزیکەی ١٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمی نەوت لە ڕۆژێکدا بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و نیگەرانییەکانیش لە زیادبووندایە کە شەڕەکە ڕەنگە ڕێڕەوی بازرگانی لەوێ پەکبخات.