ناتانیاهۆ: ئێران باجی هێرشەکانی دەدات

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پەیامیدا هەڕەشەی توند لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و دەڵێت" ئێران باجی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەدات". 

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" هێزەکانی ئێران موشەکیان لە نەخۆشخانەی سۆرۆکا و خەڵکی مەدەنی لە ناوەڕاستی ئیسرائیل هەڵداوە".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت" ئێران باجی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەدات".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران لە هەواڵێکدا هەڵدانی شەپۆلی سێزدەهەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستەقینەی سێی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاند کە" بریتی بوو لە هەڵدانی مووشەکی قورس و دوور مەودا بۆ ئامانجەکانی ناو خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین". 

ئەو کەناڵە فەرمییە وتیشی" ئەو هێرشە نوێیە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل دێت، و بەکارهێنانی مووشەکی پێشکەوتوو و دوور مەودای تێدایە کە لە ناوخۆدا پەرەی پێدراوە". 

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل تادێت زیاتر پەرەدەستێنێت، ئێران ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەکات.



AM:09:35:19/06/2025