کۆشکی سپی: ترەمپ رێگە نادات تاران ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆم

کۆشکی سپی رایگەیاند" كار دەكەین بۆ كۆتاییهێنان بە هەڕەشەكانی ئێران"، دەشڵێت" پێویستە ئێران بەبێ‌ مەرج گفتوگۆ دەستپێبكات".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی حوزەیران کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفڕانسیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ویتكۆف بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی و ترەمپ رێگەنادات تاران ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆم".

ئاماژەی بەوەشکرد" پێویستە ئێران بەبێ‌ مەرج گفتوگۆ دەستپێبكات وهەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران دەبێت بریتی بێت لە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم".

کارۆلین لیڤیت راشیگەیاند"، ترەمپ هەلێكی زیندووی بە گفتوگۆ كردن لەگەڵ ئێران داوە"، وتیشی" ترەمپ ئاگاداری هێرشەكەی سەر ئێران بوو".

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی هەینی رابردووە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپیکردوە و تا ئێستا ژمارەیەک فەرمانەی سەربازی باڵای ئێران و هاوکات سەدان هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.




PM:10:17:19/06/2025