کرێملین ئەمڕۆ هەینی هۆشداری دایە ئەمریکا لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە دژی ئێران و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە پێشهاتێکی کارەساتبار دەبێت.
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا - کرێملین، ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند" ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەلایەن ئەمریکاوە لە دژی ئێران، پێشهاتێکی کارەساتبار دەبێت بۆ ئاسایشی ناوچەکە".
وتیشی" قسەکردن لەسەر كوشتنی خامنەیی قبوڵكراو نییە، کاردانەوەمان لەوبارەیەوە زۆر نەرێنی دەبێت و كردەوەیەكی لەو جۆرە قبوڵ ناکەین، چونكە هەنگاوی وا بەرەو نادیار سەردەكێشێت".
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران پەرەی سەندووە، ئەمەش لە پاشخانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان تاران و تەلئەبیب کە ئاڵوگۆڕی چڕ و پڕی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەخۆیەوە بینیوە.