"تا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، گفتوگۆ ناکەین"

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەێت" وڵاتەکەی ئامادە نییە بۆ هیچ دانوستانێک لەگەڵ هیچ لایەنێک لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە". 

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" پێموایە وڵاتان خۆیان لەم دەستدرێژییە دووردەکەونەوە دوای بەرخۆدانمان بەرامبەر ئیسرائیل".

وتیشی" ئێران هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نادات تا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن".

عێراقچی دەشڵێت" ئەمریکا خوازیاری وتووێژە و پەیامی جددی لەو بارەیەوە ناردووە، تاران دڵنیایی داوەتە واشنتۆن کە مەحاڵە باس لە دانوستان بکرێت لە کاتێکدا دەستدرێژی بەردەوامە، ئێمەش خەریکی بەرگری ڕەوای خۆمانین". 

ڕاشیگەیاند" واشنتۆن داوای لە ئێران کرد دانوستان بکات، ئێمەش ڕەتمانکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی دیکە نییە".

هێمایی بۆ ئەوەشکرد" بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان لە بەرامبەر دەستدرێژیکردندا ناوەستێت و هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ واشنتۆندا نییە، چونکە هاوبەشە لە تاوانەکاندا".



AM:11:52:20/06/2025