یۆهان وادفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "سپیگل"ی ئەڵمانی، ڕایگەیاند" ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل ، جەختی لەوەش کردەوە کە "ئیسرائیل دەتوانێت حساب بۆ پشتیوانی ئەڵمانیا بکات".
بەڵام وادفول لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە "بنەمای یاسایی" هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕایگەیاند" کە ناتوانێت لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە هەڵسەنگاندنێکی یاسایی کۆتایی پێشکەش بکات، چونکە ئەم هەڵسەنگاندنە پێویستی بە زانیاری تایبەت و ورد هەیە کە ئەو نییە".
وەدفول هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دەبێ لە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی "جدیتر و بەرپرسیارانەتر" مامەڵە بکات و ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان لە ناوچەکەدا.
وەدفول زیادی کرد، ئەگەر ئێران نیشانەکانی جددی لە دانوستانە ئەتۆمییەکان نیشان بدات، هێشتا دەرفەتێک ماوە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی تەواو. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستەکانی ئەورووپا بە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەمریکایە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەم قسانەی لە سەروبەندی دیداری هاوبەشی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و بەریتانیا لە جنێڤ و لە پەراوێزی دیدار لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کرد.