بەرپرسێکی باڵای ئێران: ناتوانین بەتەواوەتی کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بێنین

بەرپرسێکی باڵای ئێران رایگەیاندووە" وڵاتەکەی نەهێشتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتدەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ ئێستا کە لەژێر هێرشی ئیسرائیلدایە".

ئەو بەرپرسە باڵایە کە ناوی ئاشکرانەکراوە، بە ئاژانسی رۆیتەرز-ی راگەیاند" تاران ئامادەیە دانوستان لەسەر سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات، بەڵام ناتوانێت کۆتایی بە پیتاندن بهێنێت."

ئاماژەی بەوەشکرد،" لەئێستادا رۆڵ و بۆچوونی وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن ئێرانەوە لەبەرچاودەگیرێت، چونکە تاران ئامادەنییە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا، هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت".

وتیشی" تاران دەبێت سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، گوێ لە دەستپێشخەریی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی ئەمڕۆ لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبنەوە (بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا)، بگرێت."

ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەڕێوەدەچیت و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا رایگەیاند: لە كۆبونەوەی شاندی ئێران لەگەڵ جنێف، هەر سێ وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هەلێكی دیكەی دانوستانی گشتگیر پێشکەش بە ئێرانییەکان دەکەن.




PM:05:22:20/06/2025