دانوستانەکانی نێوان ئەورپا و ئێران لە جێنف دەستیپێکردو، ئەمڕۆش جەنگەکە هەفتەیەکی تێپەڕاند، لە هێرشە نوێکەی ئێرانیشدا ئەمڕۆ ١٩ کەس لە ئیسرائیل برینداربوون، چاودێران وا تەماشای کۆبوونەوەکە دەکەن کە دوا دەرفەتە بۆ ئاشتی.
فرانس پرێس بڵاویکردەوە لە هەشتەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا ڕۆژی هەینی لە جنێڤ لە جنێڤ دەستیان بە دانوستانەکان کرد و بە پلەی یەکەم قسەیان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد، هەر ئەمرۆش هەشتەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا ئاڵوگۆڕی مووشەکی و بۆردومانی فڕۆکە لە نێوان ئەو دوو وڵاتدا بەردەوام بوو.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا "ئۆفەرێکی دانوستانکاری گشتگیر" پێشکەش بە ئێران دەکەن، کە بابەتی ئەتۆمی و چالاکیی مووشەکی بالیستیک و کۆمەکی دارایی میلیشیا چەکدارەکانی ناوچەکە دەگرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، "دوو هەفتە" مۆڵەت بەخۆی دەدات بۆ بڕیاردان لەسەر ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لەپاڵ ئیسرائیل، کە هێرشە بێ وێنەیەکەی بۆ سەر ئێران شەڕی ١٣ی حوزەیران دەستیپێکرد.
هەر ئەمڕۆش لە جنێف کۆبوونەوەی وەزارەتەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لەگەڵ عەباس عێراقچی بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو، دواتر لایەنەکان و لەپێشیشیانەوە وەزیری دەرەوەی ئێران کاتی دەویست بۆ پەیوەندیکردن بە سەرکردایەتی خۆیەوە لە ئێران.
لەلایەکی ترەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕافائیل گرۆسی، پشتڕاستی کردەوە کە ڕێکخراوەکەی لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو کە ئاماژە بەوە بکات کە ئێران لە ئێستادا کار بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، "کردەوەی سەربازی، سەرچاوەکەی هەرچییەک بێت، بڕیارێکی سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە ئێمە ڕایدەگەیەنین".
عەباس عەرەقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەر لە دیدار لەگەڵ هاوتا ئەوروپیەکانی، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی شەرمەزار کرد و بە "خیانەت" لە پرۆسەی دیپلۆماسی وەسفی کرد کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ئەمریکا لە هەوڵێکدا بوون بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
سەرۆکی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران وتشی" لە ناوەڕاستی پرۆسەیەکی دیپلۆماسیدا هێرشمان کرایە سەر. "بڕیار بوو لە ١٥ی حوزەیران لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆببینەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی زۆر ئومێدبەخش دروست بکەین".
پاش ئەم لێدوانە عێراقچی لەگەڵ هاوتا بەریتانیەکانی، دەیڤید لامی، ژان نۆئێل بارۆتی فەرەنسی و یۆهان وادێفولی ئەڵمانی و هەروەها کایا کاڵاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆبووەوە.