سەرۆکی تورکیا
بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر نەتەنیاهۆ و ئیسرائیل و لەوەتەی جەنگی ئێرانو
ئیرائیلیش دەستیپێکردووە، هێرشەکانی توندترکردۆتەوە، لە نوێترین لێدوانیدا
دەڵێت" حکومەتی نەتەنیاهۆ کۆمەڵکوژی دەکات".
رۆژی هەینی ٢٠ ی
حوزەیران ئەردۆغان لە لێدوانێکی نوێدا رەخنەی
توند لە نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی دەگرێت و دەڵێت" ئیسرائیل کە ئەمڕۆ گلەیی لە
زیانگەیاندن بە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەیە، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
زیاتر لە ٧٠٠ هێرشی بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە غەززە ئەنجامداوە".
" زۆر شەرمەزارییە ئەوانەی غەزەیان کردووە
بە گەورەترین ئۆردوگای کۆکردنەوە لە جیهاندا، باسی یاسا و مرۆڤایەتی دەکەن".(
ئەردۆغان وای راگەیاند).
لە بەشێکی تری
قسەکانیدا ئەردۆغان وتی" حکومەتی نەتەنیاهۆ بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژییەکەی
غەززە و ئەوانەی لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی نەتانیاهۆ و تۆڕە تاوانکارییەکەی
لە ماوەی ٢١ مانگی ڕابردوودا بێدەنگن، هاوکات هاوبەشی تاوانەکەن".
سەرۆکی تورکیا
پێوایە، جینۆساید لە غەززە و ململانێکانی بەردەوام لەگەڵ ئێران، " بەداخەوە بە
خێرایی لە خاڵی نەگەڕانەوە نزیک دەبنەوە".
جەنگی ئیسرائیل
و ئێران پێینایە هەفتەیەکەو هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە هەڵوێستیان بەرامبەر
ئیسرائیل توندکردۆتەوەو لە پێشیشیانەوە تورکیا، چونکە نەتەنیاهۆ چەندجارێک لە
لێدوانەکانیدا ئاماژەی بۆ گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە دەکرد.