رێکخراوی هەنگاو کە تایبەتە بە مافی مرۆڤ راپۆرتی خۆی لەسەر ژمارەی کوژراوەکانی جەنگی ئێران – ئیسرائیل، لایەنی ئێرانی بڵاوکردۆتەوە کە هەندێکیان بە ناوەوەیەو ژمارەیان ٦٤٦ کوژراوە.
ئەو رێکخراوە لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە بڕواپێکراو و خۆجێییەکان لە تەواوی ئێران کۆ کراونەتەوە و بەدواداچوونیان بۆ کراوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ماوەی حەوت ڕۆژی یەکەم لە دەستپێکی شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتی ئیسرائیل، لانی کەم ٦٤٦ کەس کوژراون. لەم ژمارەیە، ٨٦ هاووڵاتیی سڤیل و ٥٦٠ کەس لە هێزە سەربازی، ئەمنی، ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسداران و یا کادری پسپۆڕی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە سەربازییەکانی ئێران بوون."
هەنگاوئاشکراشی دەکات، کوژراوەکان لانی کەم ٣٥ ژن و ٢١ منداڵ لە نێوان قوربانیانی سڤیلی ئەو شەڕەدا هەیە. زیاتر لە ۸٥٪ی کوژراوانی سڤیل لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو ئەو رێکخراوە لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٨٦ کەس لە خەڵکی سڤیل لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون کە ناسنامەی ٨٣ کەسیان هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. لەنێوان ئەو کەسانەدا ٣٥ ژن و ٢١ منداڵ قوربانی بوون. هەروەها یەکێک لەم قوربانیانە خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بووە.
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو لانی کەم ٢٦ کەس لە هاووڵاتییانی سڤیل کە کوژراون لە بنەماڵەی ئەندامانی باڵا و کادرەکانی سوپای پاسداران بوون.
قوربانیانی سڤیل بەم شێوەن:
پارێزگای تاران: ٧٣ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ٥ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ٤ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٢ حاڵەت
کوژرانی لانی کەم ٢١ منداڵ
رێکخراوەکە ئەوە دەخاتەڕوو، کوژرانی ٣٥ ژن، بریتی لە دوو ئەندامی سوپای پاسداران و ناسنامەی ٣٥ ژنی کوژراو بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە هەموویان لە پارێزگاکانی تاران و ئیسفەهان کوژراون. لەم نێوانەدا فاتمە باقری و ئێلهام فەرەحمەند لە ئەندامانی سوپای پاسداران بوون و ٣٣ کەسی دیکە سڤیل بوون.
رێکخراو باس لەوەش دەکات ٥٦٠ لە هێزە سەربازیەکان لە تەواوی ئێراندا کوژراون.
زانیاری و بەڵگەکانی بەردەستی هەنگاو نیشان دەدەن کە تا کۆتایی ڕۆژی حەوتەمی شەڕ، لانی کەم ٥٦٠ کەس لە ئەندامانی ئەرتەش، سوپای پاسداران، هێزی ئینتزامی، بەسیج، زانایانی بواری ناوکی و بژاردەی فەننی یان فەرمانبەرانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخراوە ئەمنییەکان کوژراون.
هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢١١ کەس بە تەواوی ئاشکرا بکات. زیاترین ئاماری کوژراوانی نیزامی لە پارێزگاکانی تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کرماشان و قۆم و ئیسفەهان تۆمار کراوە.