وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی دژی ئیسرائیل گەیشتە تورکیا

وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەکانی لە جنێڤ، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی وڵاتانی ئیسلامی دژی ئیسرائیل گەیشتە ئیستەنبووڵ و ڕایگەیاند، داوایان کردووە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بۆ سەرکۆنەکردنی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل” ڕێکبخرێت.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ گەیشتنی بە ئیستەنبووڵ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، ڕایگەیاند" ئەم کۆبوونەوەیە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان، داوامان کرد کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەمبارەیەوە بکرێت کە خۆشبەختانە پەسەند کرا".

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی" هیوادارین راگەیەندراوێکی تووند و یەکلاکەرەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە دەربکرێت".

ئەو وڵاتانەی لە کۆبوونەوەکە دەبن، پێشتر بە راگەیەندراوی جۆرا و جۆر هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە و سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلیان کردووە کە لە دوای ئەوەوە جەنگێکی نۆ رۆژە لەنێوان ئێران و ئەو وڵاتە بەرپابووە و هەردوولا بۆردوومانی یەکدی دەکەن.

عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا کە سوود لەم دەرفەتە وەردەگرێت بۆ سازدانی دیداری لاوەکی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا.

وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا و کایا کالاس، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ ڕاگەیاند، بەڵام مەرجێکی ڕوونی دانا کە بریتییە لە ڕاگرتنی هێرشەکان. هاوکات جەختیشی کردەوە کە "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتییانەیە".



AM:09:51:21/06/2025