بەرپرسێکی حوسییەکانی یەمەن جەخت لەوەدەکاتەوە کە درەنگ یان زوو وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا دەدەنەوە و " ئاگربەستیان لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی هات".
محەممەد ئەلبەخیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێت، بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە" وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران درەنگ یان زوو دەدەنەوە ".
جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی حوسییەکان لەگەڵ ئەمریکا پێش دەستپێکردنی "جەنگی دژی ئێران" بووە و ئێستا کۆتایی هاتووە.
حوسییەکانی یەمەن کە بە هاوسۆزی لەگەڵ فەلەستینییەکان لە غەزە هێرش دەکەنە سەر کەشتیوانەکان و ئیسرائیل، لە مانگی ئایاردا لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتن کە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئەمریکا ڕابگرن لە بەرامبەر ڕاگرتنی بۆردومانکردنی پێگەکانیان.
ئەم قسانە لەکاتێکدایە کە کاتژمێر ٢:٥٠ خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.
دوای هێرشەکان، ترەمپ رایگەیاند، فۆردۆ کۆتاییهاتووە.