بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا بۆ میللەتەکەی ڕایگەیاند" کە دواجار بەڵێنی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران جێبەجێ بووە".
نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە "هەماهەنگییەکی تەواو" لە نێوان خۆی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و سوپای هەردوو وڵاتدا هەیە.
وتی هێرشەکانی ئەم دواییە درێژەپێدەری "بە هێز و چڕییەکی بێ وێنە"ی کردەوەکانی پێشووی سوپای ئیسرائیل و مۆساد دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.
بە وتەی نەتانیاهۆ، ئەو بەرنامەیە "هەبوونی ئیسرائیل و ئاشتی جیهانی خستە مەترسییەوە".
هەروەها دوای ئۆپەراسیۆنەکە پەیوەندی تەلەفۆنی خۆی لەگەڵ ترەمپ ڕاگەیاند و وتی گفتوگۆکە "زۆر گەرم و ورووژێنەر بووە" و هەردوولا پیرۆزبایی لە گەلانی یەکتر دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ترەمپ بە "دۆستێکی بێ وێنەی ئیسرائیل" ناوبرد و وتی: "ئێمە پێکەوە وەستاوین، پێکەوە شەڕ دەکەین و بە یارمەتی خودا - پێکەوە سەردەکەوین." ناتانیاهۆ بە هێنانەوەی ئایەتێک لە تەورات کۆتایی بە وتارەکەی هێنا.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هەروەها هێرشەکەی بە "ساتێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە بنەماکانی ئازادی و ئاسایش سەرکەوتنی بەدەستهێنا" وەسفکرد و سوپاسی ترەمپ و ئەمریکای کرد بۆ ئەم کارە "لە خزمەت ئاسایشی جیهانی ئازاددا".
هەروەها گیدیۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ستایشی " بڕیارێکی بوێرانەی ترەمپ"ی کرد و وتی ناوی "بە پیتی زێڕین لە کتێبەکانی مێژوودا دەنووسرێت".
ناوبراو ئاماژەی بە بڕیاری کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و بە "لابردنی هەڕەشەی لەناوچوون لە گەلی ئیسرائیل" ناوی برد.
ساعر ستایشی سەرکردایەتی نەتانیاهۆی کرد لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکە و هەماهەنگی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا، وتارەکەی بە دوعایەکی ئایینی و قسەیەکی مێناخێم بیگین کۆتایی پێهێنا.