پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی دەرکرد کە پێشتر هیچ سەرۆکێک بوێری دەرکردنی ئەم بڕیارەی نەبو، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی هێرش بۆ سەر ئێرانیش دەڵێت"هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو".
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە هێرشی سەر ئێران ڕایگەیاند "هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتو بوون و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان بە تەواوەتی لەناو برد."
وتیشی: لە هێرشەکەدا گەلی ئێران و هێزەکانی ئەو وڵاتە بۆمباران نەکراوە، تەنها سێ بنکەی ئەتۆمی کە ئەوانیش، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان بوون."
هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد "هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون. هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو. فڕۆکەکانمان لە جۆری (B - 2) توانییان بە سەرکەوتووانە بگەنە ئاسمانیی ئێران و هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ بۆمباران بکەن و پێمان وایە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە."
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەندێک مووشەک بەکارهێنراون کە کێشیان زیاتر لە سێ هەزار پاوەند بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئەمریکا حەوت فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری دزێوی B-2یان بەکارهێناوە، هێرشەکە بەبێ هیچ بەرگرییەکی ئێران بەڕێوەچووە.
کەین، بە ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ڕوونیکردەوە کە "زنجیرە سەرەکییەکانی هێرشەکان حەوت فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری دزێوی بی-٢ی تێدابووە" کە بۆ ماوەی ١٨ کاتژمێر لە میزۆری ئەمریکاوە بەرەو ئێران فڕیون، لەنێوانیاندا چەندین ئەرکی پڕکردنەوەی بەنزینیان لە ئاسمانی وەرگرتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ گەشتێکی فڕۆکەی جەنگی ئێرانی تۆمار نەکراوە، وا دیارە سیستەمی مووشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمانی ئێران لە کاتی ئەرکەکەدا دەستنیشانمان نەکردبێت".