عێراقچی: لەگەڵ ڕووسیا هەڵوێستەکانمان یەکدەخەین

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە لە مۆسکۆیە ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕووسیا هەڵوێستەکانیان دەربارەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک دەخەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی تاسـی ڕووسیا، لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە سەردانی مۆسکۆی کردووە، بڵاویکردەوە: ئێران و ڕووسیا هەڵوێستەکانیان لە بارەی هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک دەخەن.

هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە زاری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە ڕایانگەیاندووە "هەر جارێک ئەمریکاییەکان تاوانیان دژ بە ئێران کردبێت، وەڵامی یەکلاکەرەوەیان وەرگرتووە و ئەمجارەش دووبارە دەبێتەوە”.

دوێنێ یەکشەممە، ڕووسیا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان لە ئێران کرد کە بە نابەرپرسانە وەسفی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بڕیاری نابەرپرسانەی ئەمریکا بە هێرشی مووشەکی و بۆمبا بۆ سەر خاکی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بەهەر بیانوێک، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە”.



AM:10:52:23/06/2025