ئەمشەو دووشەممە هەریەک لە وڵاتانی عێراق و بەحرەین و ئیمارات دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عودەیدە لە قەتەر ئاسمانی خۆیان داخست.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاریانداوە هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە و فڕۆکەخانەکانی دیکە ڕابگرن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە" ئاسمانی ئیمارات بە پشتبەستن بە ڕێڕەوی فڕینەکان داخراوە".
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا کاروباری فڕۆکەوانی مەدەنی بەحرەین، ڕاگرتنی کاتی هاتوچۆی ئاسمانی لە شانشینی بەحرەین وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ناوچەکە ڕاگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تاران مووشەکی بالیستی ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا لە قەتەر و بەحرەین کردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی.