لە ئێران ٧٠٠ کەس بە تۆمەتی هاوکاری کردنی ئیسرائیل دەستبەسەر کراون

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فارس_ی سەر بە سوپای پاسداران، لە ماوەی ١٢ ڕۆژ جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ٧٠٠ هاوڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەستبەسەر کراون.

ئاژانسەکە بە ئاماژەکردن بەوەی "تۆڕی سیخوڕیی ئیسرائیل" لە ماوەی جەنگەکەدا " زۆر چالاک بووە" ڕایگەیاندووە" پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، خووزستان، ئیسفەهان و فارس، زۆرترین ژمارەی دەستبەسەرکراویان لێ تۆمار کراوە و ئاماری دەستبەسەرکراوانی پارێزگای تارانیش هێشتا بڵاونەبووەتەوە".

دەزگا ئەمنییەکانی ئێران دەڵێن ئەو دەستبەسەرکراوانە، بە بەکارهێنان و کۆنترۆڵی درۆنی خۆتەقێن، دروستکردنی بۆمب، گرتنی ڤیدیۆ لە شوێنە سەربازییەکان و ناردنی زانیاری بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کراون.

ئاژانسی فارس ئاشکراشی کردووە، لە ماوەی ڕۆژانی جەنگدا زیاتر لە ١٠ هەزار درۆن لە سەرانسەری ئێران دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەمرۆ چوارشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم  بڵاوی کردوەوە" ئیدریس عالی، ئازاد شوجاعی و رەسوڵ ئەحمەد، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ قەوارەی زایۆنی دادگایی کران و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باکووری رۆژئاوای شاری ورمێ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە".




AM:11:09:25/06/2025