ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەڵپەسارد

عەلیرەزا سەلیمی، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران ڕایگەیاند" نوێنەران مەرجە گشتی و وردەکانی پلانێکیان پەسەند کرد کە بەپێی ئەو پلانە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕادەگیرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڕیارنامەی پەرلەمان، بریکارەکانی دەزگاکە مافی ئەوەیان نییە بچنە ناو وڵاتەوە بۆ پشکنین، مەگەر ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتیانەی وڵاتەکە گەرەنتی نەکرێت و ئەمەش بەهەمان شێوە پابەندە بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی.

پەسەندکردنی ئەم پلانە لە کاتێکدایە کە ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داوای دەستپێکردنەوەی خێرای چالاکییەکانی پشتڕاستکردنەوەی ئەتۆمی لە ئێران کردووە.

عەلیرەزا سەلیمی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" پەرلەمان لە بڕیارنامەکانیدا سزاکانی بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە کە ڕێگە بە بریکارەکانی دەزگاکە دەدەن بچنە ناو وڵاتەوە، بڕیارەکانی پەرلەمان هەمووجۆرە پاراستن و چاوەدێری کردنێک لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیەوە لەخۆ دەگرێت ورایدەگرێت.




PM:12:56:25/06/2025