وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: هەر کاتێک پێویست بکات هێرشدەکەینەوە سەر ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند"هەر کاتێک پێویست بکات بۆ لەنێوبردنی بنکە ئەتۆمی و پڕۆگرامی مووشەکی ئێران، هێرشدەکەنەوە سەر ئەو وڵاتە". 

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەبارەت بە هەوڵی وڵاتەکەی بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەگەر بماندۆزیبایەوە، دەمانکوشت". گوتیشی، "زۆر بە دوایدا گەڕاین، بەڵام هیچ دەرفەتێکمان بۆ رێکنەکەوت". 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەتا نەیاندەزانی ئەمریکا بەشداری هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران دەکات.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت، نازانن یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران لە کوێیە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پێویست بکات و ئێران دەست بە پڕۆگرامی ئەتۆمی یان پڕۆگرامە مووشەکییەکەی بکاتەوە ئەوا هێرشدەکەنەوە سەر ئەو وڵاتە. 
 
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی رابردوو عەباس عێراقچی بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەروەها جارێ بریاریان نەداوە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکەنەوە




PM:05:39:27/06/2025