پڕۆژە یاسای سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی ترەمپ شکستی هێنا

جارێكی دیکە، پڕۆژە یاسایەکی پێشنیازکراوی دیموکراتەکان بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی جەنگ، شکستی هێنا.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە" پڕۆژەیاسای پێشنیازکراوی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتی جەنگ و بە تایبەت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی دوبارە بۆ سەر ئێران بە ٥٣  دەنگی نەخێر و ٤٧ دەنگی بەڵێ شکستی هێنا. "

پڕۆژەیاساکە لەلایەن تیم کین – سیناتۆری دیموکراتەکان ئامادەکرابوو، بە پشتبەستن بە یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگی پەسەندکراوی ١٩٧٣، کاتێك کۆشکی سپی ناچارکرا پێش هەر کردەوەیەکی سەربازبی دیکە لە دژی ئێران، ڕەزامەندیی ئەنجومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمریکا وەربگیرێت. 

ئەوە لە کاتێكدایە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دو پڕۆژە یاسای جیاواز بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی دوبارە بۆ سەر ئێران ئامادە کراون کە هەردوکیان لە دو هەفتەی داهاتودا تاوتوێ دەکرێن. 




PM:01:47:28/06/2025